پولاد پارەهاییم آهن رباست عشقت
اصل همە طلب تو در خود طلب ندیدم
مولانا
بەدرێژایی مێژووی گەردوون، وشەی بەشەر، ئینسان و مرۆڤ کە لە چوارچێوەی مەعنەوییەت و ڕەوشتبەرزی شیکراونەتەوە، تووشی بەرزی و نزمی زۆر بوون؛ ئەو ساتانەی مرۆڤ لە لووتکەی دلاوێزی عیرفان هەناسەی ئەدا و لە وڵاتی ئەشق و ئەوینی خۆشەویستی‌خوڵقێن نغڕۆ ببوو، لەگەڵ ئەوەشدا یاری نازەنین لەناو ماڵی جێگیر ئەبوو، دوور لە هەموو ژاوەژاوی ژیان نوور و چریکەی نەشمیلانەی دڵبەر لە سووچی دڵدا وەگەڕ ئەکەوت و بەردەوام جەستە و ڕوحی نۆژەن ئەکردەوە؛ مەخابن! هێدی هێدی مرۆڤ بەربەرەکانی ئەکرد و دڵیش خۆ بە نەرمی گڵ نییە، تووشی شڵەژان و داڕمان دەبوو و لەم قۆناغە دادەبەزیی، کەچی دواجار لەناو شیوی تەنگەبەر و ئیشکەڕێ و بەردەڵانی زۆر چەتوون، بێ‌وچان بەدوای مانای مەعنەوییەتدا ئەگەڕا و بەردەوام ئەم خولیانەوە لە ڕۆژگارێک کە ئاستی مەعنەوییەت دابەزیبێ مرۆڤ بۆ دەربازبوون لە کێشەی دەروونی چاوی لە ئاسمان بڕیوە و دەستی بەرز کردۆتەوە و بەدوای ونبووی خۆی گەڕاوە، بەجۆڕێک کە ئەم دۆخە لە مێژوودا دووپاتە بۆتەوە.
خاک را زندە کند تربیت باد بهاران
سنگ باشد کە دلش زندە نگردد بە نسیم
دوو خاڵی جەوهەری هەن ڕوحی مرۆڤ دلاوێننەوە، یەکەم: بانگکردن و پاڕانەوە لە قاپی ڕەحمەتی خوا، دووهەم: گوێڕاگرتن لە دەنگی خوا. حاڵەتی یەکەم لە ساتی نزاکردن و دووهەمی لە بێدەنگی ئەتوانی بۆخۆت مسۆگەری کەی.
بۆ ڕوانین و گەشت و سەفەری ناوەوەی خۆمان بە تۆوی ئەشق و ئەوین دەکرێ باخ و گوڵستانی دلاوێز ڕێکخەین، بەڵکوو شایەتحاڵی دەشت و دەونی سەرسەوز و بۆنخۆشی ژیان بین و دواجار ببین بە گڵ، تا نەبین بە گڵ و نەرم و دڵفڕەوان نەبین ڕووبار بەرەو ئێمە ڕێگە نابڕێ و وجوودی ئێمەش سەوز نابێت.!
ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە پێغەمبەران بەگشتی بەدوای ڕێسا و یاسایەکی ئەوتۆ نەبوون کە مرۆڤ لەناو بازنەیەکی داخڕاوی چەقبەستوو قەتیس کەن، بەڵکوو: بە ڕەوشت و دەنگی دلاوێز و بە چیرۆکی پڕ واتای ژیانی خۆیان فێری ئێمە ئەکەن کاتێک داب و نەریت و خووخدەی بێ‌واتا بەربەستی تیشک‌هاوێژی خۆری ژیان بۆ ناو ماڵ ئەبێت دوورکەوینەوە.
در درگە ما دوستی یکدلە کن                هر چیز کە غیر ماست آن را یلە کن
یک صبح بە اخلاص بیا بر در ما                     گر کار تو بر نیامد آنگە گلە کن
شەمسی تەبریزی دەڵێت: کاتێ مرۆڤ کەوتە ناو شازەریا و بکەوێتە پەلەقاژە، نووقمی خۆی ئەکات ئەگەر شێریش بێت،! کەواتە خۆت بمرێنە لەبەر ئەوە نەریتی شازەریا ئاوایە تاکوو زیندووی ئەتسڕێتەوە تاکوو لە شوێنێ خۆت نووقم ئەبی و لەناو ئەچی، کە شۆڕبوویەوە و لەناو چووی دواجار فڕێت ئەداتەوە دەرەوە... زانایانی بواری عیرفان دەڵێن: وێکچوونی شازەریا و شەپۆلی دەریا، هاوشێوەی خوڵقێنەر و مرۆڤ وایە.
ئامانجی ڕێبوار لەناو بازنەی عیرفان و گەشت و پێوانی ئەم ڕێبازە، ڕێگەبڕینە لە هۆگریی بە سەرجەم بابەتە ماددی و مەعنەوەی و شان‌وشکۆی دونیایی و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا ژەنگ‌ئەسرینکردنی ناخ لە هەموو خووخەدەی ژیان، وەسفکراو بە پەسەنی خوایی و نووقمی ئەوینی ئیلاهی بوون. بە دەربڕینێکی تر دەکرێ بڵێین کە: ڕێگەی پێوانی عیرفان واتە، لاکردنەوەی دڵ لە خۆت و گەشت بەرەو پەروەرێنی بێهاوتا، جووڵەی خۆویست لە نزمترین پلەی ژیان بۆ بەرزترین ئاستی ژیان. لەڕاستیدا ڕەوشت و هەڵسووکەوتی کەسی عاریف لە ناوەڕۆکی دینی بەرەو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و هاوڕێیەتی مرۆڤی دڵ‌زیندووە کە؛ دەرەنجامی نغڕۆ بوون لەژێر سێبەری ئەم فەرموودە دانسقەیەیە کە دەفەرموێ: {وَمَنْ لَمْ يَجْعَلِ اللَّهُ لَهُ نُورًا فَمَا لَهُ مِنْ نُورٍ ـــ سووڕەتی نوور ئایەتی ۴۰ ـــ} واتە: بێگومان ئه‌وه‌ی خوا نووری پێ نه‌به‌خشێت، هه‌رگیز نووری ده‌ست ناکه‌وێت.
شب ظلمت و بیابان بە کجا توان رسیدن
مگر آن شمع رویت بە رهم چراغ دارد
حافظ
عیرفان شازەریایەکی بێ‌‌بڕانەوەیە بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری ئەم ڕێگەیەن، دەبێ وەک کەسێک کە خەریکی ماسی‌گرتنە، پشوودرێژ بێت! ئەو ساتەی خەریکی ڕاوەماسی دەبی یەکێک لە دلاوێزترین کاتی ئەمەیە کە: ماسی لەناکاو دێت دەم لە شەوکی ماسی‌گر ئەدا و شەوق و زەوق ئەخاتە وجوودی، ڕێک وەک ئەم ساتەی کە خێرا بەسەر کەسی عاریفدا تێدەپەڕێ، بەڵام لەپڕێکا کتوپڕ دێت و ئەڕوا. هێندێ جار ماسی‌گر شەوکی لە دەست دەڕوا و لەولاشەوە ماسییەکی زۆر گەورە بەداوەوە دەبێت، ڕەنگە ڕوخساری کەسی ماسی‌گر شیرین بێت! بەجۆرێک تێکەڵاو لە دڵپڕی و دلاوێزی! سەرسووڕمان و بێ‌بەخت بوونی. کەسی عاریف زۆربەی ساتەکان بەو شێوەیەیە کەواتە: دەبێ زۆر وریا و ژیر بێت کە بتوانێ لەسەر لێورای شازەریا بمێنێتەوە چونکە لەناو شازەریا کۆسەماسی زۆر گەورە بوونی هەیە و جێگەی مەترسی و لەناوچوونە.
قوڕئان ئاماژە بە کۆمەڵێک ئەکات کە خوا خۆشی ئەوێن و دەفەرموێ:  يُحِبُّهُمْ وَيُحِبُّونَهُ ــــ په‌روه‌ردگاری مه‌زن خۆشی ده‌وێن، ئه‌وانیش ئه‌ویان خۆش ده‌وێت ـــ سووڕەی مائیدە ۵۴.
بازیەزیدی بەستامی دەڵێت: ئیلاهی؛ لە ئەوینی خۆم لەئاست تۆدا سەرسام نیم هەنووکە من هەژار و نەدارم؛ سەسووڕمانی من لە خۆشەویستی تۆیە بەرامبەر خۆم، کەچی تۆ دەسەڵاتدارێکی بێوێنە و باڵادەستی...
پولاد پارەهاییم آهن رباست عشقت
اصل همە طلب تو در خود طلب ندیدم
مولانا
بۆ هاودەمی خوڵقێنەر چاوەڕێی دڵنیابوون مەبن، دڵ بەو بدەن بە هیوای ڕۆژێ لەم گەردوونە یا ڕۆژی پەسڵان، بگەن بە دڵنیایی، واتە: لێرەوە بۆنی بکەن وەک بۆنی یەعقووب پێغەمبەر لە ئاست جگەرگۆشەکەی. مەخابن! ئێمە تا هەست بە یەقین نەکەین، بۆنی ناکەین و هەنگاو هەڵناگرین و تەنیا لە کاتی تەنگانەدا بۆنی ئەکەین، کەچی ئیمان خۆی هەر ئەو بۆنەیە کە هاوشێوەی تەزووی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی پشێوی دەروونییەکان لە گەڕ دایە...
دڕێژەی هەیە...